گۆڕانکاری لە دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییەکاندا: هەرێمی کوردستان بە نمونە
میزۆپۆتامیا (MASS) میوانداریی ژمارەیەک لە شارەزایان ئەکات بۆ گفتوگۆکردنی رێگاکانی بەرەنگاربونەوەی کلیپتۆکراتی لە هەرێمی کوردستان..
دامەزراوەی میزۆپۆتامیا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیجیییەکان (MASS)، لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا، رۆژی شەممە، ١٤/١٢/٢٠٢٤، لە هۆڵی نالیی ئوتێل رەمادا لە سلێمانی، مێزگردێکی رێکخست بۆ مامۆستای زانکۆی سلێمانی، بەڕێز ئەحمەد محەمەدساڵح ئەمین، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی پەیپەرێکی ناوبراو بە ناونیشانی (گۆڕانکاری لە دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییەکاندا: هەرێمی کوردستان بە نمونە).
وە بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی پەیپەرەکە، (MASS) دەستەبژێرێکی لە شارەزایانی قانون، ئابوری، دارایی، نەوت، سیاسەت و میدیا داوەت کرد بو.
بەشداربوان گفتوگۆیەکی گەرم و گشتگیری پەیپەرەکەیان کرد لە بوارەکانی نیشانەکانی کلیپتۆکراسی لە کوردستان و رێوشوێنەکانی هێنانەکایەی گۆڕانکاری و دەربازبون لەم رژێمە مەترسیدارە.
لە کۆتاییدا بەشداربووان مێزگردەکەیان بەرز نرخاند، داواشیان کرد (MASS) درێژە بەم جۆرە چالاکییانە بدا.
دامەزراوەی (MASS) جگە لە بڵاوکردنەوەی ئەم توێژینەوەیە، پاش پێداچونەوە و دەوڵەمەندکردنی بە بۆچونەکانی بەشداربووان، درێژە بە بەدواداچون و توێژینەوەی ئەم پرسە ئەدات وەک یەکێک لە بوارەکانی بەرنامەی کاری خۆی

Previous Post
Next Post