قەیرانی دەستلەکارکێشانەوەی دادگای فیدراڵی: لە نێوان نیسابی یاسایی و ناکۆکیی دامەزراوەیی
د.یوسف محمد سدیق

دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە شەش ئەندامی ئەسڵی و سێ ئەندامی یەدەگ دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە. ئەم هەنگاوە باڵاترین دامەزراوەی دەستوری دەخاتە قەیرانێکی یاسایی ئاڵۆزەوە، کە پێویستە سەرۆکی دادوەری دادگای فیدراڵی دەستلەکارکێشانەوەکان قبوڵ بکات ئەگەر هیچ کام لە ئەندامەکان نەیانکێشنەوە. پاشان ناوەکان ڕەوانەی سەرۆکی کۆمار دەکات بۆ دەرکردنی فەرمانی خانەنشینی، بەپێی ڕێکارە یاساییە کارپێکراوەکان.
بەپێی مادەی (3/دووەم) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (30)ی ساڵی 2005، وەک هەموارکراو، ئەرکی هەڵبژاردنی جێگرەوە دەگوازرێتەوە بۆ لیژنەیەکی چوار کەسی کە لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی و سەرۆکی دەزگای چاودێریی دادوەری پێکهاتووە.
بەڵام ئەم پرۆسەیە بێ کێشەی ئاڵۆز نییە. جگە لە ناڕوونیی ڕێکارەکانی دەوروبەری پرۆسەی بڕیاردانی لیژنەکە سەبارەت بە هەڵبژاردنی دادوەرەکان، هەروەها گرژییەکی ڕوون لە پەیوەندی نێوان بەشێک لە ئەندامەکانیدا هەیە، بەتایبەتی لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی.
لەم چوارچێوەیەدا پرسیاری زەق سەرهەڵدەدەن، دیارترینیان: ئایا سەرۆکی دادوەری قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکان دوادەخات؟ وە بۆ ماوەی چەند؟ ئەمەش کاریگەری لەسەر نیسابی دادگا دەبێت و نەبوونی نیسابی یاساییش دەتوانێت ڕۆڵی لە ڕەچاوکردنی پرسە گرنگەکاندا تێکبدات، لەوانە پەسەندکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی.
هەر دواکەوتنێک لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەتوانێت ببێتە هۆی ئیفلیجی دامەزراوەیی و بۆشایی دەستوری کە هەڕەشە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکات. بۆیە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ چالاککردنی میکانیزمە دادوەری و دەستوورییەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان بەوپەڕی شەفافیەت و کۆدەنگی و بێلایەنکردنی ئەو ناکۆکییە دامەزراوەییانەی کە دەتوانن ڕێگری لەم ئەرکە نیشتمانییە لەڕادەبەدەر هەستیارە بکەن.

Next Post