دوای دانپیانان چارەسەر چین؟
د. یوسف محەمەد سادق
٧- ٦- ٢٠٢٠
دەستپێک
سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤، كابینه‌ی حه‌وته‌می هە‌رێم، لە هۆڵی سه‌عد عەبدوللا كۆبونه‌وه‌یه‌كی ڕێكخست له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی فراكسیۆنە كوردستانییه‌كانی خولی دوی ئه‌نجومه‌نی نوێنەرانی عێراق، ئەندامە كورده‌كانی لیژنه‌كانی دارایی و، نه‌وت و گازی ئەنجومەنی نوێنەران. ئه‌و ڕۆژە بو كە لە وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نوسان، ڕه‌حمەتی شێخ بایز وەزیری ئه‌وكاتی دارایی هه‌رێم وتی: “ئێوە باسی چی ئەکەن، جارێ جانتاكه‌میان بردوه”! خۆزگە هە‌ر جانتاکەی ئەویان ببردایە!
ئامانجی كۆبونه‌وه‌كە باس كردنی مه‌له‌فی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت و، كێشە داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بو كە ئه‌و كات وه‌ك ئێستا تازە به‌غدا بەشە بودجەی هه‌رێمی بڕی بو. ئه‌و ڕۆژە و لەچه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی تری نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان، نێچیروان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی حكومه‌ت و د. ئاشتی هە‌ورامی وەزیری پێشوی سامانە سروشتییه‌كان و تیمی حكومه‌ت، بانگه‌شه‌یان بۆ ئەوە ئه‌كرد كە لە قازانجی هه‌رێمە بەشێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ نه‌وت بفرۆشێت و له‌و ڕێگایەوە ئابوریی سە‌ربە‌خۆ بۆ خۆی دروست ئە‌كات. ئاشتی هە‌ورامی چە‌ند چارتێكی خستەڕو كە هاوپێچن و بە‌پێی ئە‌و چارتانە، بانگەشەی ئەوە کرابو کە هە‌رێم لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٥ ئە‌توانێ تە‌نیا لە كێڵگە نە‌وتییە‌كانی هە‌رێم، بێ كێڵگە‌كانی كە‌ركوك، هەناردە‌ی نە‌وت بگە‌یە‌نێتە زیاتر لە یە‌ك ملیۆن (١،٠٦٠،٠٠٠) بەرمیل نە‌وتی ڕۆژانە و، بە‌و پێیە‌ش هە‌ر بە‌پێی داتاكانی ئاشتی هە‌ورامی، داهاتی هە‌رێم لەكۆتایی ٢٠١٥ مانگانە زیاتر ئە‌بو لەسێ ملیار (٣،٢٢٢،٠٠٠،٠٠٠) دۆلار!
هه‌ر ئه‌و كاته ئێمه ڕەخنەمان له‌و سیاسه‌ته گرت و له كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئەنجومەنی هه‌رێمیی نه‌وت و گاز پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی خولی چواری پەرلەمان، وتمان گه‌ر بۆ هه‌مو وڵاتانی نه‌وتی پشت به‌ستن به نه‌وت وه‌ك تاکە سەرچاوه‌ی داهات هه‌ڵه بێ به هۆی ناجێگیریی نرخی نه‌وت و به كۆتاهاتنی، ئه‌وا بۆ هە‌رێم دوجار هه‌ڵه‌یه، چونكه ده‌ره‌چه‌ی له‌سه‌ر ئاوه كراوه نێودەوڵه‌تییه‌كان نییه و هه‌نارده كردنی نه‌وته‌كه‌ی هه‌میشه ئه‌بێته بارمته‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی دراوسێی.
ئێستا وا دوای شه‌ش ساڵ له‌و بانگه‌شه ناڕاستانه ” وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵاوئه‌كرێته‌وه” بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له هەرێمی كوردستان، ڕۆژانه كه‌متره له نیو ملیۆن به‌رمیلی ڕۆژانه و، له‌ڕوی داهاتیشه‌وه “دیسانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی باس ئه‌كرێ ” ئێستا فرۆشی نە‌وتی هه‌رێم هەندێک جار لەبری قازانج زه‌ره‌ر ئه‌كات!
هه‌ڵبه‌ت یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم به‌و شێوه‌یه‌ی كه وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان له ساڵی ٢٠٠٩ ڕایگه‌یاند بریتی بو لە (٤٥) ملیار به‌رمیل و به‌و پێیه‌ش ڕیزبه‌ندی هە‌رێم له ڕیزی نۆیەم بو لە ئاستی جیهان. هه‌روه‌ها یه‌ده‌گی گازی سروشتیی هه‌رێم به (٢٠٠) ترلیۆن پێ سێجا ڕاگه‌یه‌ندرا و به‌و پێیه‌ش هه‌رێم له پله‌ی هەشتەم بو له ئاستی جیهان. بەڵام سەرباری ئەم توانا گەورەیە لەبواری وزە، کارتی نە‌وت ئێستە بەدەست هەرێمەوە سوتاوە و، خستویەتیە سەر لێواری هەرەسی ئابوری.
دواجار دەسەڵاتدارانی هە‌رێم دانیان نا بە شکستخواردویی سیاسەتی نە‌وت و گازی ڕابردودا و، ڕایانگەیاند کە نەک هە‌ر نەبوەتە مایەی بەهێزیی هە‌رێم، بەڵکو بوەتە هۆی “بەجێمانی ٢٧ ملیار قەرز بۆ کابینەی ئێستە”. دانپیانان گرنگە، بەڵام هیچ ئەرزشێکی نییە گەر نەبێتە هۆی پێداچونەوە و گۆڕینی ڕیشەیی کۆی سیاسەت و ڕێکار و شێوازی ئیدارەدانی مەلەفی نە‌وت و گاز، کە لە هەمان کاتدا مەلەفێکی سیاسی و ئابوریشە، بە هەمان شێوە هەم ناوخۆییە، هەم لێکەوتەی عێراقی و دەرەکیشی هەیە. ئێستە زیاتر لەهەر کات پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی پشتشکێنی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەیە لە بواری نە‌وت و گاز، بە دیاری کردنی بەرپرسیارێتی و، لە هەمان کاتدا خستنەڕوی ڕێچارە بۆ دەرچون لە تەنگژەی ئابوری و سیاسیی هە‌رێم و، ڕزگار کردنی ئەوەی ماوە.
بەشی یەکەم: کێ بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێ؟
به‌هۆی سیاسه‌تی شكستخواردوی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت، چه‌ندین زیانی گەورەی ئابوری و سیاسی و ستراتیژی له هه‌رێمی كوردستان كه‌وت. له‌وانە:
1. به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌تە و فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت، به‌غدا بودجه‌ی هەرێمی بڕی و، نه‌وتی فرۆشراوی هه‌رێم یان ڕاستتر بڵێین نه‌وتی به‌تاڵانبراوی هه‌رێم قه‌ت نه‌یتوانی شوێنی ئه‌و به‌شە بودجه‌یه‌ی عێراق بگرێته‌وه. لەماوه‌ی نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی (محمد عواد العتابي)(١) ته‌نها لەعێراقه‌وە (٩١،٠٧٦،٩٨٨) نەوەد و یه‌ك ترلیۆن و هه‌فتاو شه‌ش ملیار و نۆسه‌د و هه‌شتاوهه‌شت ملیۆن دینار، هاتوە بۆ هه‌رێم! هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بەشە بودجه‌یه‌ی هه‌رێم لە به‌غدا به‌رده‌وام ڕو لەهه‌ڵكشان بو. هه‌ر بۆ نمونە به‌شە بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٣ی هه‌رێم (١٥،٣٣٨،٠٥٣) پانزە ترلیۆن و سێسه‌د و سی و هه‌شت ملیار و پەنجا و سێ ملیۆن دینار بو. هه‌ر وه‌ك ده‌زانرێ زۆربەی هەرەزۆری پڕۆژه‌كانی هە‌رێم هیی ئە‌و سه‌رده‌مە بون كە لە به‌غداوە بودجە بۆ هه‌رێم ده‌هات. لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٨ جگە لە سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥ هیچ به‌شە بودجه‌یه‌ك لە بەغداوە بۆ هه‌رێم نه‌هات. هە‌ر لەبەر ئەمەش لەو کاتەوە هە‌رێم هەشت موچەی تەواو و ٣٤ پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی خۆی قەرزدارە. كێ بەرپرسیارێتیی نه‌هاتنی دیان ملیار دۆلار لە به‌شەبودجه‌ی هه‌رێم لەبەغداوه، لە ئەستۆ ئەگرێ؟
2. دیسانه‌وه به‌هۆی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت، وا ده‌وترێ كه “هه‌رێم ٢٧ ملیار دۆلار قه‌رزدار بوە”. هه‌رچه‌نده نازانرێ داخۆ ڕاسته و بڕه‌كه‌ی وایه یان نا؟ قەرز بوچی كراوه؟ ئایا ئەمە سپی کردنەوەی پارە نیە؟ ئه‌گه‌ر وایە وەکو هاوڵاتیی ئاسایی ئەپرسێ و وەکو نوکتەیەکی تراژیدیی لێهاتوە “نه‌وت فرۆشراوه یان كڕدراوه!؟” بەڵام ئه‌گه‌ر ئەوە ڕاست بێ، ئه‌وا هاونیشتیمانیانی هه‌رێم، خراونه‌ته ژێر باری قه‌رزی درێژ خایه‌ن كه ده‌رباز بون لێی ساڵەهای پێویسته. ئەم بابەتە ئێستا بوەتە جێی مشتومڕی نەک تە‌نیا شرۆڤەکار و میدیاکار و چالاکانی سیاسی، بەڵکو بوەتە جێی قسەی جیاوازی سەری دەسەڵاتەکانی هەرێمیش. بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستیی کۆی داهاتی هە‌رێم و قەرزەکانی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردو، پێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمیی نە‌وت و گازی ئێستا و پێش‌و (کە بەشێکیان هێشتا هە‌ر لە هەرەمی دەسەڵاتدان) بانگ بکرێنە بەردەم پەرلەمان و لیژنەکانی و، کۆی ئەم مەلەفە بۆ ڕای گشتی ڕوناکیی بخرێتە سەر.
3. به هۆی سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی نه‌وت، سه‌دان ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی نه‌وه‌كانی ئێستا و داهاتوی هه‌رێم هەرزانفرۆش كرا و به‌هه‌ده‌ر درا، كه ئه‌وه سەرمایەیەكی خواكردی به‌نرخه و، ئه‌كرێ له كاتی پێویست دا به باشترین شێوه سودی لێوەربگیرێ. له‌و نه‌وته‌ی ده‌رهێنراوه، نه‌ك به‌شی نه‌وه‌كانی داهاتو ڕه‌چاو نەكراوه، به‌ڵكو نه‌وه‌كانی ئێستاش بێبه‌شن له سوده‌كه‌ی.
4. به‌شی هه‌ره زۆری پڕۆسه‌ی دۆزینه‌وه و به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه و فرۆشتنی نه‌وت و گازی هه‌رێم و، كۆكردنه‌وه و دابه‌ش كردنی داهاتەکەی ناڕون و نادیارن و، نازانرێ چیی لێده‌كرێ؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش خه‌ڵكی هه‌رێم تا دێ هەژارتر ئه‌بن و، ده‌سته‌بژێرێكیش تادێ مافیا ئاسا سه‌رمایه‌یان زیاد ئه‌كات. چینی ناوندی هە‌رێم تادێ بچوکتر ئەبێتەوە و جیاوازی و نادادی لە نێوان چین و توێژەکان، تادێ بەرفراوانتر ئەبێ، کە دور نییە لە داهاتویەکی نزیکدا ببێتە هۆی تەقینەوەی رق و توڕەیی خەڵکی ناڕازیی هە‌رێم.
5. جگه له داهاتی نه‌وت و گازی هه‌رێم، ته‌نانه‌ت پاره‌ی شیرینی (كۆمیشن)ی گرێبه‌سته‌كانیش دیار نیه. ساڵی ٢٠٠٩ نێچیروان بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی پێنج ڕایگه‌یاند كه بڕی٥ ملیار دۆلاری شیرینیی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان بۆ كابینەی شه‌ش به سه‌رۆكایه‌تیی د. به‌رهه‌م ساڵح، به‌جێ ئه‌هێڵێت. له نێوان ئە‌و دو كابینه‌یه‌دا كه‌س نازانێ ئه‌و پاره‌یه چیی لێهات!؟ داخۆ له‌و كاته‌شه‌وه چه‌ند گرێبه‌ستی تر كراون؟ پاره‌ی كۆمیشنه‌كانیان چه‌نده؟ له كوێیه؟ لای كێیه؟ كێ به‌رپرسیاره له دیارنه‌مانیان؟ ڕۆڵی دادگاكان و داواكاری گشتی له بەدواداچونی ئه‌م دۆسییانه چین؟ هه‌ر بۆ نمونه ئاژانسی بلومبێرگ له ڕاپۆرتێكیدا ڕایگه‌یاند كه لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، بڕی(٢٥٠،٠٠٠،٠٠٠) دوسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وه‌ك هاوکاریی تێپەڕاندنی گرێبه‌ستەکانی كۆمپانیای روسنه‌فت لەگەڵ هە‌رێم، لە لایەن ئەم کۆمپانیایەوە دراوە بە ڕاوێژکارێکی دەرەکی. بە‌پێی راپۆرتەکە، بە هۆی ئەم گرێبەستانەوە، روسنەفت بوەتە کارەکتەری خاوەن هەژمونی دەرەکی بەسەر پیشەسازیی نە‌وتی هە‌رێم(٢). دوای وروژاندنی ئەم بابەتە، لێکۆڵینەوە لێی ئاراستەی داواکاری گشتیی هە‌رێم کرا، بەڵام دیسان تائێستا هیچ دەرەنجامێک دیار نییە و، نازانرێ کێ وەریگرتوە و بۆچی؟
6. ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپنیاكانی بواری نه‌وت و گاز كردونی، له جۆری هاوبەشیی به‌رهه‌مه (عقود الشراکە في الانتاج، Production Sharing Contract) ، كه ئه‌م جۆره گرێبه‌ستانه قازانجێكی زۆر بۆ كۆمپانیاكان ده‌ستەبەر ئه‌كه‌ن و ئه‌یانكه‌نه هاوبه‌ش له نه‌وتی به‌رهه‌م هاتو. ئەم جۆره گرێبه‌ستانه زیاتر بۆ ئه‌و شوێنانه ئه‌كرێن كه ڕیسك و تێچونی زۆره. بۆ نمونه له‌ناو زه‌ریا و ده‌ریاكان. جۆری گرێبه‌سته‌كانی عێراق تا ئێستا له جۆری گرێبه‌ستی خزمه‌ته، واته بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت عێراق بڕێكی كه‌می دیاریكراو پاره ده‌داته كۆمپانیاكان نه‌ك بکرێنە هاوبه‌ش له قازانج. هه‌ر لەبەر ئه‌مه‌ش ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له هه‌رێم كار ئه‌كه‌ن بونه خاوه‌ن داهاتێكی گه‌وره به مه‌رجێك هه‌ندێكیان هه‌ر له بنچینه‌وه كۆمپانیای بچوك بون. بۆ نمونه كۆمپانیای (DNO)ی نه‌رویجی ته‌نها له ساڵی٢٠١١ بڕی١١٠ ملیۆن دۆلاری له نە‌وتی هه‌رێم قازانج كرد له كاتێكدا خه‌ڵكی كوردستان له سایه‌ی ئەم گرێبەستانه زیاتر هەژار بون و موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم بویه روبعه موچه و نیوه موچه.
7. هه‌روه‌ك ده‌ره‌نجام بۆ خاڵی پێش‌و، تێچونی به‌رهه‌مهێنانی نە‌وتی هە‌رێم زیاتره له تێچوی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی کێڵگەکانی عێراق. به وته‌ی وەزیری پێشوی نە‌وتی عێراق سامر غه‌زبان، كرێی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان بۆ هە‌ر بەرمیلێك نە‌وتی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی عێراق (١.٤٤$) یه‌ك دۆلار و چل وچوار سەنته. تێچونی بەرهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی ئه‌م كێڵگانه ٩بۆ ٩.٥ دۆلارە(٣). لە بەرامبەردا قازانجی كۆمپانیاكانی نه‌وت له هه‌رێم بە‌پێی نرخی نە‌وت ئەگۆڕێت و بەم شێوه‌یه‌ش تێچونی به‌رهه‌مهێنان و گواستنەوەی نە‌وتی هە‌رێم ده‌گۆڕێت. بەڵام هه‌ر به پێی قسه‌ی سامر غه‌زبان، هە‌رێم (٥٥٪)ی پاره‌ی فرۆشی نە‌وتەكەی ده‌ست ئه‌كه‌وێته‌وه، واتە نزیکەی ٤٥٪ی داهاتی فرۆشتنی نە‌وتی هە‌رێم، دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوەی نە‌وت (ڕوسنەفت و کار). له‌كاتێكدا عێراق زیاتر لە (٨٦%)ی پاره‌ی فرۆشتنی نە‌وتەكەی ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه عێراق تائێستا ئاماده نییه پارە‌ی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و گازی هه‌رێم له ئه‌ستۆ بگرێ!
8. هه‌رێم له ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه‌ی له شوێنێكی تریش زیان ده‌كات كاتێك به‌شێوەی سه‌ربه‌خۆ ئه‌یفرۆشێت. نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێم نزیكه‌ی ٧ دۆلار له‌خوار نرخی برێنته. له كاتێكدا نه‌وتی عێراق ٤ دۆلار له خوار نرخی برێنته. كه‌واته لێره‌ش بۆ هه‌ر به‌رمیلێك له چاو عێراق، هه‌رێم سێ دۆلار زیان ده‌كات. باشه كێ به‌رپرسیارێتیی ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌مو گرێبه‌سته به‌و شێوه زیانمەندییه ئه‌گرێته ئه‌ستۆ؟ به‌شێوه‌یه‌ك كه كۆمپانیاكان قازانجی زیاتر و خەڵكی هه‌رێم زیانمەندتر بن و، نه‌وتی هه‌رێم هه‌رزانتر بێ له نه‌وتی وڵاتانی تر؟
9. هه‌ر له ئه‌نجامی نه‌شاره‌زایی له ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست و، پێدانی ئیمتیازی زۆر بۆ كۆمپانیاكان و، دروست بونی كێشه‌ی دواتر، هه‌ندێك جار هه‌رێم به سەدان ملیۆن دۆلار زیانی لێكه‌وتوە. باشترین نمونه‌ش گرێبه‌سته‌كه‌ی كۆمپانیای دانەگازه كه به‌هۆی دروست بونی ناكۆكی و گرتنه‌به‌ری ڕێگای دادگا له لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه، هه‌رێم ناچار كرا كه بڕی (٢،٢٤٠،٠٠٠،٠٠٠$) دو ملیار و دوسەد و چل ملیۆن دۆلار قەره‌بو بداته ئه‌و كۆمپانیایە(٤). ئەمە جگە لەوەی کە بە هۆی ئە‌و کێشە دادوەرییەوە پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لە نزیک قەزای چەمچەماڵ بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار پەکی کەوت کە بریتی بو لە كارگه‌یه‌كی پەترۆكیمیایی و په‌یمانگایه‌كی نه‌وت و زانكۆیه‌كی ته‌كنه‌لۆجی و پێنج هه‌زار یەكه‌ی نیشتەجێبون به بازاڕ و نه‌خۆشخانه و خوێندنگا و سینه‌ما و سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانه‌وه. كێ به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر به پێدانی ئه‌م پاره‌یه له قوتی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم ته‌نها بۆ سزای ناكۆكییه‌كی یاسایی!؟ دیقه‌ت بده‌ن داخۆ خه‌ڵكی هه‌رێم نیوه‌ی ئه‌و قه‌ره‌بوه سودمه‌ند بوه له گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه؟
10. هەندێک جار دەسەڵاتدارانی کارچەوتی هە‌رێم، بۆ پینە کردنی هەڵە و شکستێکیان، هەڵەیەکی گەورەتر و کوشندەتریان کردوە. هە‌ر بۆ نمونە، بۆ پینە کردنی بەشێک لەو قەرەبوەی هە‌رێم دەبو بیدات بە دانەگاز، دەسەڵاتی هە‌رێم ساڵی ٢٠١٧ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی کرد بۆ وەرگرتنی بڕی(٢،١٠٠،٠٠٠.٠٠٠$) دو ملیار و سەد ملیۆن دۆلار وەک قەرز کە لەو پارەیە یەک ملیار دۆلاریان دایەوە بە دانەگاز لە بری بەشێک لە قەرەبوەکەیان. هە‌ر لە ئەنجامی ئەمەش سێ ڕۆژ دوای گرتنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە لایەن هێزە عێراقییەکان، هە‌رێم ڕایگەیاند کە ٦٠٪ی خاوەندارێتیی بۆریی گواستنەوەی نە‌وتی هەرێمیان فرۆشت بە‌و کۆمپانیایە(٥) و، ئێستا هەناردە‌ی نە‌وتی هە‌رێم جگە لە تورکیا، لەژێر ڕەحمەتی ئەم کۆمپانیایەشە! هەڵبەت هاتنی کۆپانیایەکی ڕوسی بۆ ناو پرسی نە‌وت و گازی هە‌رێم، لێکەوتەی نەرێنیی گەورەی هەبوە و ئەبێ لە پێگەی هە‌رێم لە ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان. ئەمە جگە لە دروست بونی دەرفەت بۆ ڕوسیا بۆ کۆنترۆڵ کردنی یەدەکی گازی هە‌رێم (هە‌رێم گرێبەستی ڕاکێشانی بۆریی گازیشی هە‌ر داوە بە کۆمپانیای ڕوسنەفت)، کە ئەمەش بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ڕوسیا دادەنرێ بۆ مەهار کردنی هە‌ر کێبڕکێکارێکی گریمانکراوی گازی ڕوسیا لە بازاڕە جیهانییەکان، بەتایبەت بازاڕی ئەوروپا.
11. هه‌ر به هۆی پشت به‌ستن ته‌نها به نه‌وت وه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی داهات، كه‌رته‌كانی تری ئابوریی وه‌ك كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار، سەرەڕای توانا گه‌وره‌كانی هه‌رێم له‌م بواره، په‌كخران. له بری ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌بوی نە‌وت بۆ په‌ره‌دان به‌م كه‌رتانه ته‌رخان بكرێ، پاره‌ی نه‌وت به‌شێكی زۆری دیار نییه و به‌هه‌ده‌ر دراوه و، جۆرێك له ئابوریی به‌رخۆریش په‌ره‌ی پێدرا كه بەرهەمهێنانی لە هەمو بوارەکاندا زۆر لاواز كرد. دەرهێنان و فرۆشتنی نە‌وتی هە‌رێم، بویە قومارێکی دۆڕاو نەک هە‌ر لەم کەرتە، بەڵکو بۆ کەرتەکانی تری ئابوریش. نە‌وت نەک هە‌ر نەبوە پیشەسازییەک بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایە، بەڵکو کرایە تاکە گرەوی هەڵسوڕاندنی ئابوری و، لە ئەنجامدا دۆڕاندنی کەرتەکانی تری ئابوریش. دەکرا کەرتی نە‌وت و گاز وەک یەکێک لە کەرتەکانی ئابوریی هە‌رێم، قۆناغ بە قۆناغ و هەنگاو بە هەنگاو و بە پلانێکی درێژخایەنی دیراسە کراو، پەرەی پێبدرایە، ئە‌و کات لە حاڵەتی شکستیدا، هەمو ئابوریی هە‌رێم توشی شکست نەدەبو و، ئەتوانرا زۆر ئاسانتر تەنگژەی دارایی چارەسەر بکرێت.
12. هه‌مو ئه‌م هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه وای كرد كه ده‌رهێنان و فرۆشتنی نە‌وت نەبێته چه‌ك و خاڵی هێزی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌غدا، به‌ڵكو ڕێك به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌وتی هه‌رێم بوه‌ته خاڵی لاوازی هه‌رێم له هاوكێشه‌ی ململانێكانی له‌گه‌ڵ بەغدا. ئه‌م سیاسه‌ته نه‌وتییه چەوتە‌ی ئێستای هه‌رێم نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی ئابوریی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌رێم دروست بكات، به‌ڵكو به‌شێوازێكی كوشنده كردیه پاشكۆی به‌غدا. وا هه‌ر مانگێك له به‌غداوه پاره بۆ هه‌رێم نه‌یه‌ت، هه‌رێم ناتوانێ موچه‌ی موچه‌خۆرانیبە تەواوی و لە کاتی خۆیدا بدات. ئه‌و هه‌مو پارەیەی له به‌غداوه ده‌هاته هە‌رێم، ئه‌و هه‌مو پاره‌یه‌ی داهاتی شیرینیی گرێبەسته‌كانی نه‌وت و گاز و فروشتنی به‌رهه‌مه‌كانیان، نه‌بونه هۆی سەربەخۆبونی ئابورییه‌كی به‌رهه‌مهێن له هه‌رێمی كوردستان. ئێستا هه‌رێم نازانێ چی له نه‌وته‌كه‌ی بكات! له لایەك له‌ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نه‌وته، له لایه‌كی تره‌وه له‌ژێر فشاری بەغدایه. نەوته‌كه‌شی پاره ناكات. جگه له نەوتیش سه‌رچاوه‌ی داهاتی تری له‌جێی نه‌بون! كێ به‌رپرسیارێتیی سوك كردنی سامانی ژێر زه‌ویی هه‌رێم و داڕوخانی ئابوریی هه‌رێم و، لاواز بونی زیاتری بەرامبه‌ر به‌غدا هه‌ڵده‌گرێ!؟
13. هه‌ر له ده‌ره‌نجامی خاڵی سه‌ره‌وه‌ش، لاوازیی هه‌رێم له مه‌له‌فی نە‌وت و بودجه، بویه هۆی په‌راوێز كه‌وتنی كێشه مێژوییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ بەغدا كه ئێستا به هیچ شێوه‌یه‌ك له ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌جێندای هه‌رێم له‌گه‌ڵ بەغدا نەماون. هه‌ر بۆیه‌ش تا ئێستا كوردی ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌ده‌ست سیاسەت و یاسا و بڕیاره‌كانی ته‌عریبی كۆن و نوێ گیرۆده‌ن. ئه‌مه جگه له مەترسیی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی گروپه تیرۆریستییه‌كان له‌م ناوچانه و دروست كردنی مەترسی بۆسه‌ر دانیشتوانه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت هه‌رێمی كوردستانیش. تەنانەت ئە‌و كاته‌شی كه ته‌واوی ناوچه جێناكۆكه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوی لانی كه‌م سه‌د ساڵی ڕابردو كه‌وته ده‌ست هێزه كوردییه‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی ئاوڕ له خەڵكی ماندو به ململانێی ئه‌م ناوچانه، به هه‌مو پێكهاته‌كانییه‌وه بدەنە‌وە و، له‌ڕێی خزمه‌تكردنی دانیشتنوانە ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی، كه‌مه‌ندكێشیان بكه‌ن بۆ هاتنە سەر هه‌رێم، به‌داخه‌وه زیاتر گرنگییان به دۆشینی نه‌وت و غازه‌كه‌یان دا و خەڵكه‌كه‌یان فه‌رامۆش كرد. پارتی و یه‌كێتی له‌م ناوچانه به هۆی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی پشت به‌ستو به به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی و حیزبییه‌وه، بونه هۆی ئەوەی ته‌نابه‌ت به‌شێكی زۆری كوردی ئه‌م ناوچانه، نه‌خوازه‌ڵا هاوڵاتیی پێكهاته‌كانی تر، خوازیاری گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر هه‌رێم نه‌بن. ده‌كرا هە‌رێم له‌ڕێی ده‌رخستنی توانا نه‌وتی و گازییه‌كانی، بێ هه‌راج فرۆش كردنی و، ته‌نها به په‌ره‌دانی یه‌ك یان دو كێڵگه بۆ به‌رهه‌مهێنانی پێداویستیی ناوخۆیی، یه‌ده‌كی گاز و نه‌وتی هە‌رێم بكاته كارتێكی به‌هێز بۆ یه‌كلاکردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی تری له‌گه‌ڵ به‌غدا، بەتایبەت كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان.
14. سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی هه‌رێم له‌بواری نه‌وت و گاز، لاوازی كرد له پەیوەندییه ئیقلیمییه‌كانیشی. به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا بویه ته‌نها ده‌روازه‌ی هە‌رێم بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی، كۆی ئابوریی هه‌رێم بویه بارمته‌ی توركیا. لە هەمان کات دا، بە هۆی پێویستیی زۆری هە‌رێم بە پارە بە هۆی کەڵەکەبونی قەرزەوە، ساڵی ٢٠١٦ هە‌رێم داوای لە تورکیا کردوە کە لە بەرامبەر لێخۆشبونی قەرزی پێش‌و بە بڕی یەک ملیار دۆلار و پێدانی پێنج ملیار دۆلاری تر، پشکی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی هە‌رێم بکڕێت، بەڵام تورکیا ئامادە نەبوە ڕیسک بکات(٦). دەسەڵاتدارانی هە‌رێم ڕایانگەیاندوە کە ڕێکەوتنێکی پەنجا ساڵییان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردوە کە جیا لە مەلەفی نە‌وت و گاز، ڕەهەندی ئەمنیش لەخۆ دەگرێت. هەڵبەت تا ئێستا نە پەرلەمانی کوردستان و نە ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان ئاگاداری ناوەڕۆکی ئە‌و ڕێکەوتننامەیە و بەندە ئابوری و سیاسی و ئەمنییەکانی نین. بەڵام شاراوە نییە کە لێکەوتە و ئاسەوارەکانی ڕێکەوتنەکە بە ئاشکرا لە سەرجەم ڕەهەندەکانیەوە دیارن و، ته‌نانه‌ت له ڕوی سیاسیشه‌وه له زۆر ماوه‌دا، دەسەڵات لە هه‌رێمی کوردستان بویه پاشكۆی توركیا بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە رۆژاوای کوردستان. سەرەڕای ئەوەش، تورکیا بوەتە گۆڕاوێکی سە‌ربە‌خۆ لە پەیوەندیی نێوان هە‌رێم و بەغدا. بەشێوەیەک کە هە‌ر ڕێکەوتن و نزیک بونەوەیەک لەگەڵ بەغدا ئێستا سەرەتا پێویستی بە زامن کردنی پشتگیریی تورکیا هەیە.
باشە کێ بەرپرسە لەسەرجەم ئەم سەرەنجامە کوشندە هەنوکەیی و ئاییندەییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییە ناوخۆیی و دەرەکییانەی سیاسەتی شکستخواردوی نەوتیی هە‌رێم؟
هەڵبەت کارێکی باشە کە دەساڵاتدارانی ئێستەی هە‌رێم دان بە شکستخواردویی ئەم سیاسەتەدا دەنێن. بەڵام ئایا تەنها ئەمە بەسە؟ ئایا لێیگەڕێین (عفی الله عما سلف) و ئەوەی بو بو و ڕویدا و سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە؟ ئایا ئەکرێ چارەنوسی گەلێک بەدەست دەسەڵاتدارانییەوە هەمیشە هاوشێوەی یاریی ماروپەیژە بێت و هەمو جارێ لە سەرەوە بە قومار و زاری هەڵە بگەڕێینەوە خاڵی سفر؟ هەروەک چۆن بە قوماری ڕیفڕاندۆم و لێکەوتەکانی دواتری لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ئامانجی سەربەخۆیی و تەنانەت نیوەی خاکی کوردستان، کە بۆ یەکەمجار لە مێژوی سەد ساڵی ڕابردو، بە خوێن و قوربانیدانی هەزاران شەهید و برینداری پێشمەرگە و خەڵک، کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی هە‌رێم، جارێکی تر لە دەستدران و، هە‌رێم گەڕایەوە بۆ پێش ڕزگار کردنی عێراق و، سەنگ و ڕۆڵی لە ئاستی هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق، ئێجگار لاواز بو. دەوترێ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت کرا، بەڵام کوا بەدواداچون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی بێلایەن لەسەر ئەم پرسە و مەسەلەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە بێ حساب کردن بۆ لێکەوتەو و دەرەنجامەکانی؟ گەلانی زیندوی دونیا بۆیە پێشدەکەون چونکە هەمیشە لە سەرکەوتن و شکست دا هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە دەکەن، لایەنی گەش و پۆزەتیڤ و هەروەها تاریک و نێگەتیف هەڵدەسەنگێنن و، لێپرسینەوە دەکەن و بەرپرسیارێتی دەستنیشان دەکەن.
هە‌ر بۆیەش گەر هە‌رێم دەیەوێ خۆی لە شکستی سیاسەتی چەوتی ڕابردو قوتار بکات، پێویستە لەڕێی دامەزراوەکانییەوە هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە بکات. وەک باسمان کرد، سەرەڕای پەککەوتەیی ئێستای پەرلەمان، بەڵام ئەگەر ئەویسترێ کەمێک شکۆ بۆ ئەم دامەزراوەیە بگەڕێتەوە، ئەوا پێویستە لەگەڵ بانگ کردنی بەرپرسیارانی پێش‌و و ئێستای مەلەفی نە‌وت لە هە‌رێم کە زۆرینەیان لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتی ئێستادان، کۆی مەلەفی نە‌وت و گازی هە‌رێم بە سەرجەم ڕەهەند و لێکەوتەکانییەوە پێداچونەوەی بۆ بکرێت و، بڕیاڕ و یاسا و هەمواری یاسایی پێویستی لەسەر دەربکرێ و، بەرپرسیارانیش دەستنیشان بکرێن و، لێپرسینەوەیان لێبکرێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمە، ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە لە چۆنیەتیی دەستخستنی داهات و فرەچەشن کردن و شەفاف کردنی، لەگەڵ چاکسازی لە چۆنیەتیی خەرجکردنی داهات و هێنانەکایەی دادپەروەی لە دابەش کردنی داهات، پێویستییەکی هەنوکەیی بەردەوامیدان بە ژیانی حوکمڕانیی لەقی هەرێمن (درێژە بەم بابەتە نادەین، چونکە زۆر باس کراون).
لە هەمان کاتدا، لێپرسینەوەی شەفاف و گەیشتن بە چارەسەری واقیعی و یاسایی بۆ سەرجەم ئە‌و دەیان ملیار دۆلارەی داهاتی هە‌رێم کە دیار نین و، براونەتە دەرەوە، لایەنێکی گرنگی تری چارەسەری تەگژەی دارایی و ئابوریی هەرێمن. دەسەڵاتدارانی هە‌رێم گەر ئەیانەوێ درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن و، داروپەردوی ئەزمونی حوکمڕانیی شکستخواردوی هە‌رێم بە هۆی خەشم و توڕەیی خەڵکەوە بەسەریاندا نەڕوخیت، ئەوا پێویستە دەست بە گیرفانی خۆیان و حسابە بانکییەکانیان لە دەرەوە بکەن، کە هە‌ر درەنگ یان زو نهێنییەکانی ئەم مەلەفەش ئاشکرا ئەبێت. مەلەفی ئە‌و پارانەی براونەتە دەرەوە، لە ڕابڕدو و لە ئێستەش لە ئاستی عێراق و دەرەوە، لە ئەولەوییەتی کارمان بوە و، وازی لێناهێنین و لەسەری بەردەوام دەبین.
هەڵبەت هە‌ر تەنها ئەمانە بەس نین، دۆخی هەنوکەیی بواری نە‌وت و گازی هە‌رێم و دەرەنجامە ناوخۆیی و عێراقی و دەرەکییەکانی، هێندە ئاڵۆزە کە هە‌رێم بە تە‌نیا ناتوانێ خۆی لە تەڵەزگە و زەلکاوەکەی ڕزگار بکات. ڕەنگە دیدێکی نوێ بۆ پەیوەندی لەگەڵ عێراق و، گەیشتن بە سەرەتای نوێ لەگەڵ بەغدا لەسەر کۆی مەلەفی نە‌وت و گازی هە‌رێم، بە سود وەرگرتن لە دەستوری عێراق، بەشێکی تری چارەسەر لەخۆ بگرێ کە لە بەشی داهاتودا باسی لێوە ئەکەین.
بەشی دوەم: چارەسەری هاوبەش لەگەڵ عێراق
یەکەم: مێژوی پەیوەندیی هە‌ر دو لا و دەرباز بون بەرەو ئایندە
وانەیەکی سەرەکیی شکستی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ کە پێویستە دەسەڵاتدارانی هە‌رێم باشتر لێی گەیشتبن، ئەوەیە کە بونی ئێمە لە عێراق، تەنها گۆڕاوێکی (Variable) عێراقی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا گۆڕاوێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشە. واتە گۆڕینی پەیوەندیی هە‌رێم لەگەڵ بەغدا، تەنها پەیوەست نییە بە بەغداوە، بەڵکو ئەم پەیوەندییە کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی هێز و، هاوکێشە ئیقلیمی و تەنانەت نێودەوڵەتییەکانیش هەیە.
عێراق دەوڵەتێکی دروستکراوی پاش جەنگی جیهانیی یەکەمە. دروست بونی ئەم دەوڵەتە و دیاری کردنی سنورەکەی و تەنانەت دیاریکردنی مەلیکەکەی، بڕیارێکی ناوخۆیی گەلانی عێراق نەبوە هێندەی دەرهاویشتەی بڕیاڕی دەوڵەتە سەرکەوتوەکانی جەنگ (بەتایبەت بەریتانیا) و، ڕێکەوتننامەکانی پێش و پاش جەنگ بو. بەم شێوەیەش وا کورد بۆ نزیکەی سەدەیەکە بە ناچاری لەناو عێراقە و، هە‌ر لەو کاتەشەوە بەردەوام لە ململانێی قورسدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا بۆ چەسپاندنی مافەکانی. پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە مادەم مانەوەی هە‌رێم لە چوارچێوەی عێراق ڕاستیەکی هەنوکەییە، بۆچی لە بری ئەوەی لەم بونە ناچارییە ڕابکەین و بەمەش هەمیشە زەرەرمەند ببین، هەوڵ نەدەین سود لە بونمان لە چوارچێوەی عێراق وەربگرین؟ بەتایبەت کە ئێستا بەشێکی زۆری مافەکانی هە‌رێم لە چوارچێوەی دەستوری عێراق دانپیانراون. ئەوەشی بەدەست نەهاتوە، کەمتەرخەمی سەرەکی، دەسەڵاتدارانی هە‌رێم خۆیانن سەرەڕای نەیاریی بەشێک لە کاربەدەستانی بەغدا.
لە بەرامبەریشدا عێراق وەک دەوڵەتێکی دروستکراو بە دڕێژایی سەدەی ڕابڕدو، نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەتێکی سەرکەوتو. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستخواردویی دەوڵەتی عێراقیش کێشەکانی بوە لەگەڵ کورد و، هەوڵدانی سەپاندنی تاک ناسنامەیی قەومەچی و دەسەڵاتی ناوەندی بوە. تەنانەت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕە دەرەکییەکانی عێراقیش، هە‌ر پەیوەندیی هەبو بە ئامادە نەبونی ڕژێمی پێش‌و بۆ سەلماندنی چارەسەری دادپەروەرانە بۆ کێشەی کورد. سەرنج بدەن، دەسەڵاتی بەعس ئامادە نەبو مافی کورد لە کەرکوک بسەلمێنێت، لەپێناو ئەمەدا سازشی بۆ ئێران کرد لە “شط العرب” لەڕێکەوتننامەی جەزائیر لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی شا لە یارمەتیدانی کورد. ناکۆکی لەسەر ئەم ڕێکەوتننامەیە یەکێک بو لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شەڕی کەنداوی یەکەم و، ئەم شەڕە و دەرەنجامەکانیشی هۆکاری سەرەکیی شەڕی کەنداوی دوەم بو. بەعس سەرەڕای سازشە دەرەکییەکەی بۆ ئێران، شکستی خوارد لە بەزاندنی کورد و، لە هەمان کاتیش لەگەڵ چەندین هۆکاری تر، عێراقی دەرگیری زنجیرەیەک ململانیێ ناوخۆیی و دەرەکیی خوێناوی کرد کە سەرەنجامەکەی ڕوخانی ڕژێمەکەی بو. لە کاتێکدا ئەگەر نەرمیی بنواندایە بەرامبەر بە کورد و داواکارییەکانی بە تایبەت لە کەرکوک، ئەوا هەم بەشێکی کێشە ناوخۆییەکانی عێراقی چارەسەر دەکرد و لە بەرامبەر دەرەوەیدا بەهێزتر دەبو، هەم لەوانەیە دەرگیری زۆرێک لە کێشە دەرەکییەکانیشی نەبوایە.
ئایا کاتی نییە کە لە بری ئەم پەیوەندییە ئاڕاستە پێچەوانەیە لەنێوان هە‌رێم و بەغدا، تێڕوانینێکی نوێ بۆ پەیوەندییەکی پشت بەستو بە بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان هە‌ر دو لا بێتە کایەوە؟ ئایا ناتوانرێ لەبری دژیەکیی سیاسی و ئابوری، پەیوەندییەکی تەواوکاری (Integration)ی ئابوری و پاشان سیاسی، لە نێوان هە‌ر دو لادا بهێنرێتە کایەوە؟ تاکەی توانا و دەرامەتەکان لەم دژبەرییەدا بەفیڕۆ دەدرێ لەبری بەخەرجدانیان لە بنیاتنان و هێنانەکایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابوری؟ عێراق و لەناویشیدا هە‌رێم، ئە‌توانێ ببێتە دەوڵەتێکی سەرکەوتو، ئەگەر بتوانێ ببێتە خاوەنی ستراتیژێکی نیشتیمانیی نوێ بەتایبەت لە بواری ئابوری. شوێنی عێراق لەروی جیۆپۆلیتیکییەوە، دەرفەتی ئەوەی داوەتێ کە ببێتە دڵی ڕێگا بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان و، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، کەنداو و دەریای ناوەڕاست پێکەوە ببەستێتەوە، کە لەئێستادا چە‌ند پڕۆژەیەک لەم بوارەدا هەن. هەرێمی کوردستانیش لە پڕۆژەیەکی وادا شوێنگەیەکی ئێجگار گرنگی دەبێ “ئەم بابەتە زۆر زیاتر هەڵدەگرێ بۆ باس کردنی، لە دەرفەتێکی تردا هەوڵ ئەدەین قسەی لەسەر بکەین”. هە‌رێم و بەغدا ئەتوانن یەکتر تەواو بکەن لەڕوی وزەوە (نە‌وت، گاز، کارەبا)، لە ڕوی ئاو، لە ڕوی زەویی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار، لە روی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی مەترسیی هاوبەش بەتایبەت ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و، تەنانەت لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش. گۆڕینی پەیوەندیی نێوان هە‌ر دولا لە پەیوەندیی بەریەککەوتن و بەیەکەوەبونی ناچاریی پڕ لەکێشە، بۆ پەیوەندیی ئارەزومەندانەی یەکتر تەواوکەر و بەرژەوەندیی هاوبەش، هە‌ر دولا بەهێز ئەکات. هەڵبەت پەیوەندییەکی لەم شێوەیە، پێویستی بە دەستەبژێرێکی سیاسیی هەیە لە هە‌ر دولا کە لە ئاستی دەوڵەت بیر بکەنەوە، نەک لە ئاستی بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی و، لە ڕوانگەی عەقڵی خێڵەکیی بەرتەسکەوە، کە لە ئێستادا زۆر کەمن. پڕۆژەی لەو شێوەیە، بازرگانیی دڕێژەدان بە دەسەڵات لە ڕێی ڕەواج دانی درۆیینە بە دژیەکی نەتەوەیی و مەزهەبی، سەربەخۆخوازی و ناوەندگەرایی، لە لایەن هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی هە‌رێم و بەغدا، لاواز دەکات. ئەوانەی شەقام دژ بەیەک هان ئەدەن، بەڵام کە دێتە سەر باسی دابەش کردنی پۆست و ئیمتیازات، کەس وەک ئەمانە لە هە‌ر دولا، زو ناگەنە ڕێککەوتن. هە‌ر بۆیەش دید و ڕوانینی لەم شێوەیە، کە پشت ئەستورە بە چارەسەر کردنی کێشەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و هاوبەشی نیشتیمانی، نەیاری زۆر دەبن.
دوەم: نە‌وت و پەیوەندیی نێوان هە‌رێم و بەغدا
هێندەی پەیوەندیی بە سیاسەتی نەوتیی هەرێمەوە هەیە، وەک پێشتر باسمان کرد، بوەتە خاڵی لاوازی هە‌رێم لەگەڵ بەغدا، بوەتە قوفڵی بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان هە‌ر دولا و، بوەتە هۆی فەرامۆش کردنی کێشەکانی تری نێوان هە‌رێم و بەغدا بەتایبەت کێشەی خاک. ئەمە لە کاتێکدایە، نە‌وت خۆی، بەردەوام گرنگیی خۆی لە دەست ئەدات، بەتایبەت بە هۆی زیاد بونی وزەی جێگرەوە و، پەرەدان بە تەکنۆلۆژیای بەکارهێنەری وزەی بەدیل. هەروەها بە هۆی زیاد بونی نە‌وتی بەدیلی نە‌وتی ئۆپیک بەتایبەت نە‌وتی شێڵ و، زیاد بونی ململانی لە نێوان بەرهەمهێنەرانی نە‌وت لەناو ئۆپیک و دەرەوەی و، کەم بونەوەی گرنگی پێدانی ئەمریکا بۆ نە‌وتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەکرێ هە‌رێم وزە بکاتە کلیلی چارەسەر کردنی کێشەکانی دیکەی لەگەڵ عێراق. بەڵام بە‌و مەرجەی هە‌رێم ئامادە بێ کە پیاچونەوە و ڕاستکردنەوە بۆ کۆی سیاسەتی نەوتیی خۆی بکات، چونکە پێناچێ عێراق گرێبەستە نەوتییەکان و هەناردنە کردنی نە‌وتی هە‌رێم، بەم شێوەیەی ئێستای قەبوڵ بکات. عێراق ئێستا دو سکالای هەیە لەسەر هەناردە کردنی سەربەخۆی نە‌وتی هە‌رێم. سکاڵایەکیان لە دادگای ناوبژیوانیی ژوری بازرگانیی پاریسە لە دژی تورکیا، ئەوی تریشیان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە دژ بە هەرێمی کوردستان(٧). پێویستە هە‌رێم، پێش یەکلاکردنەوەی ئە‌و سکاڵایانە بگاتە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا لە بواری وزە بە گشتی و نە‌وت بەتایبەتی. بەتایبەت کە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی ماوی ڕابردوی نێوان وەفدی هە‌ر دو لا لە بواری نە‌وت هەنگاوی باشی بڕیوە و، ئێستاش حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ.
هەڵبەت هاوزەمان لەگەڵ ئەم گفتوگۆیانە، هە‌رێم پێویستی بە هەڵمەتێکی پەیوەندیی گشتیش هەیە لەگەڵ دەستەبژێری ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمیی عێراقی و، ڕای گشتیی شەقامی پارێزگاکانی عێراق. لێدوانی نابەرپرسانە و لوتبەرزانەی موزەیەفی هەندێک لە کاربەدەستانی هە‌رێم لە قۆناغی پێش‌و و، ئەنجام دانی ڕیفراندۆم و شکستهێنانی و، بڵاوبونەوەی سەدای گەندەڵیی دەسەڵاتی هە‌رێم بە هەمو دنیادا، شەقامی عێراقیی زۆر توند دژ بە هە‌رێم ئاڕاستە کردوە. ئاڕاستەی زاڵ لە شەقامی عرەربیی عێراق سەبارەت بە هە‌رێم ئەوەیە کە دەساڵاتدارانی هە‌رێم، نە‌وتی هە‌رێم ئەدزن و، بۆ خۆیانی دەفرۆشن و یەک دیناری نادەن بە خەزێنەی گشتی لە بەغدا، کەچی حکومەتی ئیتیحادی لە نە‌وتی بەسرەش پارە ئەنێرێت بۆ هە‌رێم. هە‌ر بۆیەش چاکسازیی ناوخۆیی و، گۆڕینی گوتاری ئاڕاستەکراو بەرەو بەغدا و، کار کردن لەسەر دۆزینەوەی زمانی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش و ئامادەیی بۆ شەفافییەت، کاریگەر دەبێ بۆ نەترسانی حکومەتی عێراق لە ڕێکەوتن لەگەڵ هە‌رێم.
سێیەم: ڕوانگەی دەستوریی کێشە نەوتییەکان
بە تێڕوانینی ئێمە مەلەفی نە‌وت وگازی هە‌رێم بەم شێوە و دەرەنجامەی ئێستای، هەندێک کێشەی دەستوریی هەیە. دەستوری عێراق لە هە‌ر دو مادەی ١١١ و ١١٢ دا باسی چۆنیەتیی ڕێکخستنی مەلەفی نە‌وت و گاز لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هە‌رێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نە‌وت و گاز دەکات. مادەی ١١١ ئاماژە بەوە دەکات کە نە‌وت و گاز موڵکی سەرجەم گەلی عێراقە لە هەمو هە‌رێم و پارێزگاکان. کەواتە موڵکدارێتیی سەرجەم کێلگە نە‌وتی و گازییەکانی عێراق ئیتیحادییە. بەم شێوەیەش دەبێت کۆکردنەوەی داهاتی نە‌وت و گاز و دابەش کردنیشی، بە هەندێک پێوەر، هە‌ر ئیتیحادی بێت. پێوەرەکانی دابەش کردنی داهاتی ئیتیحادی بە پێی دەستور ئەمانەن:
1. ڕێژەی دانیشتوان و دابەش بونیان بەسەر هە‌رێم و پارێزگاکان (م ١١٢/ یەکەم).
2. قەرەبوی هە‌رێم لەو زیانانەی بەریکەوتوە بە هۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێش‌و بۆ هێنانەکایەی گەشەسەندنی هاوسەنگ لە هەمو عێراق (م ١١٢/ یەکەم)، بڕ و ماوەی قەرەبو کردنەوەکە بە کراوەیی هێڵراوەتەوە.
3. تەرخان کردنی بەشێکی دیاریکراو لە داهاتی ئیتیحادی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ هە‌رێم و پارێزگاکان بۆ ڕایی کردنی کاروبارەکانیان و جێبەجێ کردنی بەرپرسیارییە دەستورییەکانیان (م ١٢١/ سێیەم).
4. پەترۆدۆلار بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەکان بە‌پێی یاسای پارێزگاکان و یاساکانی بودجەی ساڵانە.
بەڵام سەبارەت بە ئیدارەدانی کەرتی نە‌وت و گاز، دەستور لە مادەی ١١٢/ یەکەم، دو قۆناغی دیاری کردوە. قۆناغی پێش کەوتنە بواری جێبەجێ کردنی دەستور لە ٢٠/ ٥/ ٢٠٠٦، کە لەم قۆناغەدا ئیدارەدانی ئەم کەرتە هاوبەشە لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و هە‌رێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان. قۆناغی دوەم، قۆناغی پاش کەوتنە بواری جێبەجێ کردنی دەستورە کە دەستور لێی بێدەنگ بوە و، بە پشت بەستن بە مادەی ١١٥، کە ئاماژە بەوە دەکات هە‌ر شتێک کە لە دەسەڵاتە حەسرییەکانی حکومەتی ئیتیحادی باس نەکرا بو، دەسەڵاتی هە‌رێم و پارێزگا نارێکخراوەکانە لە هەرێمدا. بەم پێێەش ئیدارەدانی ئە‌و کێڵگە نە‌وتی و گازییانەی پێش ٢٠/ ٥/ ٢٠٠٦ بەرهەم نەهێنراون، لە دەسەڵاتی هە‌رێم و پارێزگا ناڕێکخراوەکانە لە هەرێمدا.
بەڵام دەستوری عێراق لە مادەی ١١٢/ دوەم دا مەرجی داناوە لەسەر ئەم ئیدارەدانەی قۆناغی دوەمیش. ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی ئیتیحادی و هە‌رێم و پاڕێزگا بەرهەمهێنەرەکان، پێکەوە (معا)، ستراتیژی پێویست بۆ پەرەپێدانی سامانی نە‌وت و گاز دادەڕێژن، بە شێوەیەک کە دەستەبەری زۆرترین سود بۆ گەلی عێراق بکات، بە پشت بەستن بە نوێترین تەکنیکەکانی بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان.
لێرەوە ئیدارەدانی کەرتی نە‌وت و گازی هە‌رێم کێشەی دەستوریی هەیە. دەسەڵات لە هە‌رێم بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ئیتیحادی و تەنانەت پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی ناو هە‌رێم (دەقی مادەی ١١٢ باسی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان دەکات، نەک پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هە‌رێم یان پارێزگا بەرهەمهێنەرە ناڕێکخراوەکان لە هە‌رێم)، ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ کەرتی نە‌وت و گاز داڕشتوە و، لەسەر بنەمای یاسای نە‌وت و گازی هە‌رێم گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەمی لەگەڵ کۆمپانییاکان کردوە کە دەرکەوت کەمترین سودی نەک بۆ گەلی عێراق، بەڵکو بۆ گەلی کوردستانیش هەیە.
هەڵبەتە ئەم بڕگەیە لە هەمان کاتیش‌دا ماف بە هەرێمی کوردستانیش ئەدات کە بەشدار و هاوبەش بێ لە دانانی ستراتیژی پەرەپێدانی کەرتی نە‌وت و گاز و، چۆنیەتیی بەکارهێنانی داهاتەکەی لە هەمو عێراقدا. نە‌وت لە عێراقیشدا نەبوەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی سەرمایە. نە‌وتی عێراق، لە قۆناغی ڕابڕدو لە خزمەتی ئەجێندای دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و، درێژەدان بە ململانێ و شەڕە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بوە و، هاوڵاتیانی عێراق نەک هە‌ر کەمترین سودیان لێبینیوە، بەڵکو زۆر جار بە ئاگرەکەی سوتاون. لە قۆناغی نوێی دوای ڕوخانی سەدامیش، هاوشێوەی هە‌رێم، گەندەڵیی دەسەڵاتدارانی عێراق وای کردوە کە هاوڵاتیی ئاسایی کەمترین سودمەند بێت لە داهاتی نە‌وتی عێراق. نە‌وت لە عێراقیش بوەتە هۆی دواکەوتنی کەرتەکانی تری ئابوری و، بەرفراوان بونی هەژاری و، نەبوەتە سەرچاوەی دابین کردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانی ژیان.
دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەگەر ئەیەوێت خۆی دەرباز بکات لە سەرجەم ئە‌و چەوتییانەی کە لە بواری سیاسەتی نە‌وت و گازی هە‌رێم هاتونەتە کایەوە، ئەوا دەبێ لە چوارچێوەی بڕگەی دوەم لە مادەی ١١٢، بە هاوکاریی حکومەتی ئیتیحادی و پارێزگا بەهەمهێنەرەکانی ناو هە‌رێم، پیاچونەوەی بنچینەیی بە کۆی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نە‌وت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا بکات.
چوارەم: کاری هاوبەش لە بواری گازی سروشتی
کەرتی گازی هە‌رێم، بوارێکی بەرفراوانترە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری بە دور لە سیاسەتی پڕ چەوتیی پێش‌و و، بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی. هاوکاریی هە‌رێم و بەغدا لە بواری کەرتی گاز، کە پێویستییەکی هەنوکەیی عێراقە بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەتایبەت کارەبا، دەرگای هێنانەکایەی پەیوەندییەکی نوێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و تەواوکاری، ئەهێنێتە کایەوە کە ڕێگا خۆش ئەکات بۆ چارەسەری کێشە بنچینەییەکانی تر لە نێوان هە‌ر دو لا. هەنگاونانی لەم شێوەیە، متمانەی ئەوەش دروست ئەکات کە هە‌ر دو لا بەشێوەی تاکتیکی و کورت مەودا مامەڵە لەگەڵ یەک ناکەن کە ئەمەش گرفتێکی گەورەی بەردەم دانوستانەکانی ئێستایە. بەتایبەت کە بەغدا گومانی ئەوەی هەیە کە هە‌رێم ئێستا بە هۆی دابەزینی نەوتەوە ئەیەوێت ڕێکەوتنی کاتی بکات و هەرکات نرخی نە‌وت بەرز بویەوە ئەگەڕێتەوە سەر هەمان سیاسەتی خۆی و، بە سەربەخۆیی نە‌وت ئەفرۆشێت.
لە هەمان کاتدا، کەرتی گاز جگە لەوەی پێویستییەکی ناوخۆیی هەرێمە، بە هەمان شێوە ئایندەی لە بازاڕی وزەی جیهانی، مسەوگەرترە لە نە‌وت. پەرەدان بە کەرتی گازی هە‌رێم بە‌و شێوەیەی باسمان کرد، ئەگەر هاوزەمان بێ لەگەڵ ڕوئیایەکی ستراتیژی بۆ پەرەدان بە ژێرخانی ئابوری، بەتایبەت کەرتی گواستنەوە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق، هەرێمی کوردستان ئەخاتە پێگەیەکی بەهێزەوە لە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و سیاسەتی نێودەوڵەتیش.
دەرەنجام:
ئیدارەدانی هەڵەی کەرتی نە‌وت و گازی هە‌رێم لەماوەی نزیکەی ١٥ ساڵی ڕابردو، هەرێمی کوردستانی خستۆتە سەر لێواری داڕوخانی ئابوری و، نەک هە‌ر نەیتوانیوە سندوقێکی پاشەکەوتی سامان بهێنێتە کایەوە بۆ کاتی قەیران و تەنگژەی دارایی و بۆ نەوەکانی داهاتوش، بەڵکو بوەتە هۆی “کەڵەکە بونی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ هە‌رێم وەک ئەوەی باس دەکرێ”. وەبەرهێنان لە سامانی سروشتیی هەرێمی کوردستان، نەک هە‌ر نەبوەتە هۆی هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی هە‌رێم، بەڵکو بویە هۆکار بۆ زیاد بونی هەژاری. داهاتی نە‌وت و گاز نەک نەبویە هۆی بەهێز کردنی ئابوریی هە‌رێم، بەڵکو بویە هۆی پوکانەوە و لاواز کردنی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری.
سەرەنجامە خراپەکانی ئەم سیاسەتە تەنها پەیوەست نییە بە بواری ئابوری، بەڵکو لێکەوتەی سیاسییی گەورەی کوشندەشی بەدوای خۆیدا هێناوە. هە‌ر لە لاواز بونی زیاتری دامەزراوەکانی هەرێمەوە بگرە، بۆ لاواز بونی دیموکراسی و مۆنۆپۆڵیی سیاسیی دەستەبژێرێکی پشت بەستو بە مۆنۆپۆڵی ئابوری و گەندەڵی و، وابەستەیی سیاسی و ئابوری بۆ دەوڵەتانی دراوسێ و، لاواز بونی هە‌رێم لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراق. دەرهێنانی نە‌وت و گازی هە‌رێم، نەک هە‌ر نەبوە کارتێکی بەهێزی هە‌رێم لە بەرامبەر بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە لەمێژینەکانی لەگەڵ بەغدا، بەڵکو ڕێک بویە خاڵێکی لاوازی هە‌رێم کە بە هۆیەوە چارەسەرکردنی کێشەکانی تری وەک کێشەی خاکی کردە کێشەی لاوەکیی هە‌رێم.
دەسەڵاتدارانی هە‌رێم پاش دەست بردن بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی سەربەخۆی نە‌وت، بێ لێکۆڵینەوە و دیراسە کردنی ورد، وەک پولی دۆمینە زنجیرەیەک هەڵەی یەک بەدوای یەکیان ئەنجام دا و، هەندێ جار هەڵەیان بە هەڵەی گەورەتر چارەسەر کرد. بەشێوەیەک کە ئێستا دۆسیەی نە‌وت و گازی هە‌رێم، بوەتە دۆسییەیەکی ئاڵۆزی پڕ لە کارەکتەر و ڕەهەندی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، کە چارەسەری چەوتییەکانی بە پینەوپەڕۆ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە نەشتەرگەریی بنچینەیی هەیە.
دانپیانان بە شکستخواردویی سیاسەتی نە‌وت و گازی ڕابردوی هە‌رێم لەناوخۆدا کاتێک قەبوڵکراو دەبێ کە کۆی ئەم سیاسەتە بخرێتە بەر نەشتەری لێپرسینەوە و دەستنیشان کردنی بەرپرسیاریێتی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و، ڕاست کردنەوەی چەوتییەکان. بە هەمان شێوە بەڕوی دەرەوەدا پێویستی بە داڕشتنی پەیوەندییەکی نوێ هەیە لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادیی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و تەواوکاری (Integration)ی دو لایەنە، نەک تەنها لە بواری وزە، بەڵکو لە بواری سێکتەرەکانی تری ئابوریش.
پەراوێز:
1. محمد عواد العتابي: اين أموال العراق، دراسة استقصائية احصائية مقارنة للموازنات المتعاقبة منذ عام 2003 لغاية عام 2018، ص 45.
2. بڕوانە دەقی ڕاپۆرتەکە لە ٢/ ٣/ ٢٠٢٠:
Jack Farchy & Javier Blas, Russia’s State Oil Company Paid Mystery Consultant $250 Million in Iraq Deal, in site:
https://www.bloomberg.com/news/articles/2020-03-02/rosneft-paid-mystery-consultant-250-million-in-iraq-oil-deal
3. بڕوانە چاوپێکەوتنی سامر غەزبان وەزیری پێشوی نە‌وتی عێراق لە کەناڵی شەرقییە لە ڕۆژی ٢٥/ ٤/ ٢٠٢٠. لینکی چاوپێکەوتنەکە:
https://www.facebook.com/sharqiyatv/videos/613593195900776/
هەروەها بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق بڕوانە: حمزة الجواهري، جولات التراخیص النفطیة بالارقام، علی موقع:
https://almasalah.com/ar/news/171816/جولات-التراخيص-النفطية-بالارقام
4. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Dmitry Zhdannikov, Kurdistan pays $1 billion to Dana Gas, partners to settle London case, in site:
https://www.reuters.com/article/us-dana-gas-arbitration/kurdistan-pays-1-billion-to-dana-gas-partners-to-settle-london-case-idUSKCN1BA272
5. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Mariya Petkova, What did Russia get from its KRG gamble?, in site:
https://www.aljazeera.com/indepth/features/russia-krg-gamble-rosneft-iraq-kurdistan-190409123038460.html
6. بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێش‌و.
7. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئە‌و سکاڵایانەی لەسەر نە‌وتی هە‌رێم هەن، بڕوانە: بەهرۆز جەعفەر، مەترسی سکاڵاکان لەسەر کەرتی ووزەی هەرێمی کوردستان، ٤/ ٩/ ٢٠١٩ لە سایتی:
http://www.mirs.co/KU/details.aspx?jimare=158
هەڵبەت حکومەتی هە‌رێم و، ئاشتی هە‌ورامی وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەکانی هە‌رێم بە شەخسی ، سکاڵایەکی تریشیان لەسەرە لە دادگای شاهانەی بەریتانیا، لە لایەن کۆمپانیای دیناستی لەسەر هە‌ر دو کێڵگەی کوردەمیر و تۆپخانە و، ئەم کۆمپانیایەش داوای (١،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠$) یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار قەرەبو دەکاتەوە لەبەرامبەر لەمپەر دروست کردن لە بەردەم مامەڵەی کۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ کۆمپانیای ڕیپسۆڵی ئیسپانی. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Simon Watkins, Rampant Corruption In The World’s Last Oil Frontier, Aug 20, 2019, In Site:
https://oilprice.com/Energy/Energy-General/Rampant-Corruption-In-The-Worlds-Last-Oil-Frontier.html



Previous Post
Next Post