كێ به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێ؟
د. یوسف محەمەد سادق
سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤، سه‌رۆكایه‌تیی كابینه‌ی حه‌وته‌می هەرێم، له هۆڵی سه‌عد عه‌بدوللا كۆبونه‌وه‌یه‌كی ڕێكخست له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی خولی دوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌ندامه كورده‌كانی لیژنه‌كانی دارایی و، نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. ئه‌و ڕۆژه بو كه له وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نوسان، ڕه‌حمه‌تی شێخ بایز وه‌زیری ئه‌وكاتی دارایی هه‌رێم وتی: (جارێ جانتاكهمیان بردوه!)
ئامانجی كۆبونه‌وه‌كه باس كردنی مه‌له‌فی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت و، كێشه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بو كه ئه‌و كات وه‌ك ئێستا تازە به‌غدا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی بو. ئه‌و ڕۆژه و له چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی تری نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان، نێچیروان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی حكومه‌ت و د. ئاشتی هه‌ورامی وەزیری پێشوی سامانه سروشتییه‌كان و تیمی حكومه‌ت، بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌وه ئه‌كرد كه له قازانجی هه‌رێمه به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ نه‌وت بفرۆشێت و له‌و ڕێگایه‌وه ئابوریی سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆی دروست ئه‌كات. ئاشتی هه‌ورامی چه‌ند چارتێكی خسته ڕو كه هاوپێچن و به‌پێی ئه‌و چارتانه، هه‌رێم له كۆتایی ساڵی ٢٠١٥ ئه‌توانێ ته‌نیا له‌كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم، بێ كێڵگه‌كانی كه‌ركوك، هه‌نارده‌ی نه‌وتی بگه‌یه‌نێته نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن (١،٠٦٠،٠٠٠) بەرمیل نه‌وتی ڕۆژانه و، به‌وپێیه‌ش هه‌ر به‌پێی داتاكانی ئاشتی هه‌ورامی، داهاتی هه‌رێم له كۆتایی ٢٠١٥ مانگانه زیاتر ئه‌بێ له سێ ملیار (٣،٢٢٢،٠٠٠،٠٠٠) دۆلار! هه‌ر ئه‌و كاته ئێمه ڕه‌خنه‌مان له‌و سیاسه‌ته گرت و له كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمیی نه‌وت و گاز پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی خولی چواری په‌رله‌مان، وتمان گه‌ر بۆ هه‌مو وڵاتانی نه‌وتی پشت به‌ستن به نه‌وت وه‌ك تاکە سه‌رچاوه‌ی داهات هه‌ڵه بێ به هۆی ناجێگیریی نرخی نه‌وت و به كۆتاهاتنی، ئه‌وا بۆ هه‌رێم دوجار هه‌ڵه‌یه، چونكه ده‌ره‌چه‌ی له‌سه‌ر ئاوه كراوه نێودەوڵه‌تییه‌كان نییه و هه‌نارده كردنی نه‌وته‌كه‌ی هه‌میشه ئه‌بێته بارمته‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی دراوسێی.
هه‌ڵبه‌ت یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم به‌و شێوه‌یه‌ی كه وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان له ساڵی ٢٠٠٩ ڕایگه‌یاند بریتی بو لە (٤٥) ملیار به‌رمیل و به‌و پێیه‌ش ڕیزبه‌ندی هه‌رێم له ڕیزی نۆیەم بو لە ئاستی جیهان. هه‌روه‌ها یه‌ده‌گی گازی سروشتیی هه‌رێم به (٢٠٠) ترلیۆن پێ سێجا ڕاگه‌یه‌ندرا و به‌و پێیه‌ش هه‌رێم له پله‌ی هەشتەم بو له ئاستی جیهان.
ئێستا وا دوای شه‌ش ساڵ له‌و بانگه‌شه ناڕاستانه ” وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵاوئه‌كرێته‌وه” بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له هەرێمی كوردستان، ڕۆژانه كه‌متره له نیو ملیۆن به‌رمیلی ڕۆژانه و، له‌ڕوی داهاتیشه‌وه “دیسانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی باس ئه‌كرێ ” ئێستا فرۆشی نه‌وتی هه‌رێم زه‌ره‌ر ئه‌كات نه‌ك قازانج!
زیانه‌كانی هه‌ڕاج فرۆش كردنی سامانی ژێر زه‌ویی هه‌رێم
به‌هۆی سیاسه‌تی شكستخواردوی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت، چه‌ندین زیانی گه‌ره‌ی ئابوری و سیاسی و ستراتیژی له هه‌رێمی كوردستان كه‌وت. له‌وانە:
یەکەم: به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌ته و فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت، به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی و، نه‌وتی فرۆشراوی هه‌رێم یان ڕاستتر بڵێین نه‌وتی به‌تاڵانبراوی هه‌رێم قه‌ت نه‌یتوانی شوێنی ئه‌و به‌شه بودجه‌یه‌ی عێراق بگرێته‌وه. له ماوه‌ی نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی(محمد عواد العتابي)”١” ته‌نها له عێراقه‌وه (٩١،٠٧٦،٩٨٨) نەوەد و یه‌ك ترلیۆن و هه‌فتاو شه‌ش ملیر و نۆسه‌د و هه‌شتاوهه‌شت ملیۆن دینار، هاتوه بۆ هه‌رێم! هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بەشه بودجه‌یه‌ی هه‌رێم له به‌غدا به‌رده‌وام ڕو له هه‌ڵكشان بو. هه‌ر بۆ نمونه به‌شه بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٣ی هه‌رێم (١٥،٣٣٨،٠٥٣) پانزه ترلیۆن و سێسه‌د و سی و هه‌شت ملیار و په‌نجا و سێ ملیۆن دینار بو. هه‌ر وه‌ك ده‌زانرێ ته‌واوی پڕۆژه‌كانی هه‌رێم هیی ئه‌و سه‌رده‌مه بون كه له به‌غداوه بودجه بۆ هه‌رێم ده‌هات. له ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٨ جگه له سه‌ره‌تای ساڵ ٢٠١٥ هیچ به‌شه بودجه‌یه‌ك له به‌غداوه بۆ هه‌رێم نه‌هات. هەر لەبەر ئەمەش لەو کاتەوە هەرێم هەشت موچەی تەواو و ٣٤ پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی خۆی قەرزدارە. كێ بەرپرسیاریێتی نه‌هاتنی دیان ملیار دۆلار له به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم له به‌غداوه، هه‌ڵده‌گرێ؟
دوەم: دیسانه‌وه به‌هۆی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت، وا ده‌وترێ كه هه‌رێم زیاتر له ٢٠ ملیار دۆلار قه‌رزدار بوە. هه‌رچه‌نده نازانرێ داخۆ ڕاسته و بڕه‌كه‌ی وایه یان نا؟ بوچی كراوه؟ ئه‌گه‌ر وایه نه‌وت فرۆشراوه یان كڕدراوه!؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر وابێ، ئه‌وا هاونیشتیمانیانی هه‌رێم، خراونه‌ته ژێر باری قه‌رزی درێژ خایه‌ن كه ده‌رباز بون لێی ساڵەهای پێویسته.
سێیەم: به هۆی سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی نه‌وت، سه‌دان ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی نه‌وه‌كانی ئێستا و داهاتوی هه‌رێم هەرزانفرۆش كرا و به‌هه‌ده‌ر درا كه ئه‌وه سه‌رمایه‌یه‌كی خواكردی به‌نرخه و، ئه‌كرێ له كاتی پێویست دا به باشترین شێوه سودی لێوه‌ربگیرێ. له‌و نه‌وته‌ی ده‌رهێنراوه، نه‌ك به‌شی نه‌وه‌كانی داهاتو ڕه‌چاو نه‌كراوه، به‌ڵكو نه‌وه‌كانی ئێستاش بێبه‌شن له سوده‌كه‌ی.
• به‌شی هه‌ره زۆری پڕۆسه‌ی دۆزینه‌وه و به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه و فرۆشتن و كۆكردنه‌وه و دابه‌ش كردنی داهاتی نه‌وت و گازی هه‌رێم ناڕون و نادیارن و، نازانرێ چیی لێئه‌كرێ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش خه‌ڵكی هه‌رێم تا دێ هه‌ژارتر ئه‌بن و، دهستهبژێرێكیش تادێ مافیا ئاسا سه‌رمایه‌یان زیاد ئه‌كات.
• جگه له داهاتی نه‌وت و گازی هه‌رێم، ته‌نانه‌ت پاره‌ی شیرینی (كۆمیشن)ی گرێبه‌سته‌كانیش دیار نیه. ساڵی ٢٠٠٩ نێچیروان بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی پێنج ڕایگه‌یاند كه بڕی ( ملیار دۆلار)ی شیرینیی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان بۆ كابینه‌ی شه‌ش به سه‌رۆكایه‌تیی د. به‌رهه‌م ساڵح، به‌جێ ئه‌هێڵێت. له نێوان ئه‌و دو كابینه‌یه‌دا كه‌س نازانێ ئه‌و پاره‌یه چیی لێهات!؟ داخۆ له‌و كاته‌شه‌وه چه‌ند گرێبه‌ستی تر كراون؟ پاره‌ی كۆمیشنهكانیان چه‌نده؟ له كوێیه؟ لای كێیه؟ كێ به‌رپرسیاره له دیارنه‌مانیان؟ ڕۆڵی دادگاكان و داواكاری گشتی له به‌دواداچونی ئه‌م دۆسییانه چییه؟ هه‌ر بۆ نمونه ئاژانسی بلومبێرگ له ڕاپۆرتێكیدا ڕایگه‌یاند كه بڕی (٢٥٠،٠٠٠،٠٠٠) ملیۆن دۆلار وه‌ك شیرینی له گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیای روسنه‌فت وه‌رگیراوه.
• ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپنیاكانی بواری نه‌وت و گاز كردونی، له جۆری به‌شداریی به‌رهه‌مهاتوه، كه ئه‌م جۆره گرێبه‌ستانه قازانجێكی زۆر بۆ كۆمپانیاكان ده‌سته‌به‌ر ئه‌كه‌ن و ئهیانكهنه گاوبهش له نه‌وتی به‌رهه‌م هاتو. ئه‌م جۆره گرێبه‌ستانه زیاتر بۆ ئه‌و شوێنانه ئه‌كرێن كه ڕیسك و تێچونی زۆره بۆ نمونه له‌ناو زه‌ریا و ده‌ریاكان. جۆری گرێبه‌سته‌كانی عێراق تا ئێستا له جۆری گرێبه‌ستی خزمه‌ته، واته بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت عێراق بڕێكی كه‌می دریكراو پاره ده‌داته كۆمپانیاكان نه‌ك بیانكاته هاوبه‌ش له قازانج. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له هه‌رێم كار ئه‌كه‌ن بونه خاوه‌ن داهاتێكی گه‌وره به مه‌رجێك هه‌ندێكیان هه‌ر له بنچینه‌وه كۆمپانیای بچوك بون، هه‌ر بۆ نمونه كۆمپانیای (DNO)ی نه‌رویجی ته‌نها له ساڵی بڕی له نه‌وتی هه‌رێم قازانج كرد له كاتێكدا خه‌ڵكی كوردستان له سایه‌ی ئه‌م گرێبه‌ستانه زیاتر هه‌ژار بون و موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم بویه روبعه موچه و نیوه موچه.
• هه‌روه‌ك ده‌ره‌نجام بۆ خاڵی پێش‌و، تێچونی به‌رهه‌مهێنانی كێڵگه‌كانی هه‌رێم زیاتره له تێچوی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێم. به وته‌ی وه‌زیری نه‌وتی عێراق سامر غه‌زبان، كرێی كۆماپانیا نه‌وتییه‌كان بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی عێراق (١.٤٤ $) یه‌ك دۆلار و چل وچوار سه‌نته. تێچونی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی ئه‌م كێڵگانه ٩ دۆلاره. به‌ڵام قازانجی كۆمپانیاكانی نه‌وت له هه‌رێم به‌پێی نرخی نه‌وت ئه‌گۆڕێت و به‌م شێوه‌یه‌ش تێچونی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌گۆڕێت. به‌ڵام هه‌ر به پێی قسه‌ی سامر غه‌زبان، هه‌رێم (٥٥%)ی پاره‌ی فرۆشی نه‌وته‌كه‌ی ده‌ست ئه‌كه‌وێته‌وه. له‌كاتێكدا عێراق (٨٦%)ی پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه عێراق تائێستا ئاماده نییه پاره‌ی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و گازی هه‌رێم له ئه‌ستۆ بگرێ!
• هه‌رێم له ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه‌ی له شوێنێكی تریش زیان ده‌كات كاتێك به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ ئه‌یفرۆشێت. نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێم نزیكه‌ی ٧ دۆلار له‌خوار نرخی برێنته. له كاتێكدا نه‌وتی عێراق ٤ دۆلار له خوار نرخی برێنته. كه‌واته لێره‌ش بۆ هه‌ر به‌رمیلێك له چاو عێراق، هه‌رێم سێ دۆلار زیان ده‌كات.
• باشه كێ به‌رپرسیارێتیی ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌مو گرێبه‌سته به‌و شێوه زیانمهندییه ئه‌گرێته ئه‌ستۆ؟ به‌شێوه‌یه‌ك كه كۆمپانیاكان قازانجی زیاتر و خه‌ڵكی هه‌رێم زیانمهندتربێ، نه‌وتی هه‌رێم هه‌رزانتر بێ له نه‌وتی وڵاتانی تر؟
• هه‌ر له ئه‌نجامی نه‌شاره‌زایی له ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست و، پێدانی ئیمتیازی زۆر بۆ كۆمپانیاكان و، دروست بونی كێشه‌ی دواتر، هه‌ندێك جار هه‌رێم به ملیار دۆلار زیانی پێكه‌وتوه. باشترین نمونه‌ش گرێبه‌سته‌كه‌ی كۆمپانیای دانه‌گازه كه به‌هۆی دروست بونی ناكۆكی و گرتنه‌به‌ری ڕێگای دادگا له لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه، هه‌رێم ناچار كرا كه بڕی (١،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠$) یه‌ك ملیار و پێنجسه‌د ملیۆن دۆلار قه‌ره‌بو بداته ئه‌و كۆمپانیایه. كێ به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر به پێدانی ئه‌م پاره‌یه له قوتی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم ته‌نها بۆ سزای ناكۆكییه‌كی یاسایی!؟ دیقه‌ت بده‌ن داخۆ خه‌ڵكی هه‌رێم نیوه‌ی ئه‌و قه‌ره‌بوه سودمه‌ند بوه له گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه؟
• هه‌ر به هۆی پشت به‌ستن ته‌نها به نه‌وت وه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی داهات، كه‌رته‌كانی تری ئابوریی وه‌ك كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار، سه‌ره‌ڕای توانا گه‌وره‌كانی هه‌رێم له‌م بواره، په‌كخران. له بری ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌بوی نه‌وت بۆ په‌ره‌دان به‌م كه‌رتانه ته‌رخان بكرێ، پاره‌ی نه‌وت به‌شێكی زۆر دیار نییه و به‌هه‌ده‌ردراوه و، جۆرێك له ئابوریی به‌رخۆریش په‌ره‌یپێدرا كه به‌رهه‌هێنانی زۆر لاواز كرد.
• هه‌مو ئه‌م هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه وای كرد كه ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت نه‌بێته چه‌ك و خاڵی هێزی هه‌رێم به‌رامڤه‌ر به‌غدا، به‌ڵكو ڕێك به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌وتی هه‌رێم بوه‌ته خاڵی لاوازی هه‌رێم له هاوكێشه‌ی ململانێكانی له‌گه‌ڵ به‌غدا. ئهمخسیاسهته نه‌وتییه‌ی ئێستای هه‌رێم نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی ئابوریی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌رێم دروست بكات، به‌ڵكو به‌شێوازێكی كوشنده كردیه پاشكۆی به‌غدا، وا هه‌ر مانگێك له به‌غداوه پاره بۆ هه‌رێم نه‌یه‌ت، هه‌رێم ناتوانێ موچه‌ی موچه‌خۆرانی بدات. ئه‌م هه‌مو پاره‌یه‌ی له به‌غداوه ده‌هاته هه‌رێم، ئه‌و هه‌مو پاره‌یه‌ی داهاتی شیرینیی گرێبه‌سته‌كانی نهوتخو گاز و فروشتنی به‌رهه‌مه‌كانیان، نه‌بونه هۆی سه‌ربه‌خۆبونی ئابورییه‌كی به‌رهه‌مهێن له هه‌رێمی كوردستان. ئێستا هه‌رێم نازانێ چی له نه‌وته‌كه‌ی بكات! له لایه‌ك له‌ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نه‌وته، له لایه‌كی تره‌وه له‌ژێر فشاری به‌غدایه، نه‌وته‌كه‌شی پاره ناكات، جگه له نه‌وتیش سه‌رچاوه‌ی دیهاتی تری له‌جێی نه‌بون! كێ به‌رپرسیارێتیی سوك كردنی سامانی ژێر زه‌ویی هه‌رێم و داڕوخانی ئابوریی هه‌رێم و، لاواز بونی زیاتری به‌رامبه‌ر به‌غدا هه‌ڵده‌گرێ!؟
• هه‌ر له ده‌ره‌نجامی خاڵی سه‌ره‌وه‌ش، لاوازیی هه‌رێم له مه‌له‌فی نه‌وت و بودجه، بویه هۆی په‌راوێز كه‌وتنی كێشه مێژوییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا كه ئێستا به هیچ شێوه‌یه‌ك له ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌جێندای هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌ماوه. هه‌ر بۆیه‌ش تا ئێستا كوردی ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌ده‌ست سیاسه‌ت و یاسا و بڕیاره‌كانی ته‌عریبی كۆن و نوێ گیرۆده‌ن. ئه‌مه جگه له مه‌ترسیی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی گروپه تیرۆریستییه‌كان له‌م ناوچانه و دروست كردنی مه‌ترسی بۆسه‌ر دانیشتوانه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت هه‌رێمی كوردستانیش. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌شی كه ته‌واوی ناوچه جێناكۆكه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوی لانی كه‌م سه‌د ساڵی ڕابردو كه‌وته ده‌ست هێزه كوردییه‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی ئاوڕ له خه‌لكی ماندو به ململانێی ئه‌م ناوچانه به هه‌مو پێكهاته‌كانییه‌وه بدرێته‌وه و، له‌ڕێی خزمه‌تكردنی دانیشتنه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی، كهمهندكێشیان بكه‌ن بۆ هاتنه سه‌ر هه‌رێم، به‌داخه‌وه زیاتر گرنگییان به دۆشینی نه‌وت و غازه‌كه‌یان دا و خه‌ڵكه‌كه‌یان فه‌رامۆش كرد. پارتی و یه‌كێتی له‌م ناوچانه به هۆی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی پشت به‌ستو به به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی و حیزبییه‌وه، بونه هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نابه‌ت به‌شێكی زۆری كوردی ئه‌م ناوچانه، نه‌خوازه‌ڵا پێكهاته‌كانی تر، خوازیاری گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر هه‌رێم نه‌بن. ده‌كرا هرێم له‌ڕێی ده‌رخستنی توانا نه‌وتی و گازییه‌كانی بێ هه‌راج فرۆش كردنی و، ته‌نها به په‌ره‌دانی یه‌ك كێڵگه بۆ به‌رهه‌مهێنانی پێداویستیی ناوخۆیی، یه‌ده‌كی گاز و نه‌وتی هه‌رێم بكاته كارتێكی به‌هێز بۆ یهكلالردنهوهی كێشه‌كانی تری له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان.
• سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی هه‌رێم له‌بواری نه‌وت و گاز، لاوازی كرد له په‌یوه‌ندییه ئیقلیمییهكانیشی. به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا بویه ته‌نها ده‌روازه‌ی هه‌رێم بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی، كۆی ئابوریی هه‌رێم بویه بارمته‌ی توركیا. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له ڕوی سیاسیشه‌وه له زۆر ماوه‌دا، هه‌رێم بویه پاشكۆی توركیا.
سەرچاوە:
1. محمد عواد العتابي: اين أموال العراق، دراسة استقصائية احصائية مقارنة للموازنات المتعاقبة منذ عام 2003 لغاية عام 2018، ص 45

Previous Post
Next Post