هونەری رێککەوتن

چۆن لە دۆناڵد ترەمپ تێبگەین؟
بۆ تێگەیشتن و پێشبینیکردنی بڕیار و سیاسەت و فەلسەفەی هەر سەرکردەیەک، پێویستە سەرەتا لە کەسایەتی و بیرکردنەوە و پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی تێبگەین، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرکردەیەکی سیاسی تەقلیدی نییە، بەڵکۆ ئەو بزنسمان و پێشکەشکار و براندێکی جیهانییە و یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە زۆرترین مشتومڕاوی لەناوخۆی ئەمریکا و جیهاندا دروستکردوە.
رەنگە باشترین رێگە بۆ تێگەیشتن لە ترەمپ کتێبەکەی بێت هونەری رێککەوتن (the art of deal) کە بەهاوبەشی لەگەڵ تۆنی شوارتز نوسراوە و لە ساڵی 1987 بڵاوکراوەتەوەو یەکێکە بووە لە پڕفرۆشترین کتێبەکان. پێش ئەوەی باسی کتێبەکەی بکەین بە پێویستی دەزانم باسیێکی فلیمی شاگردەکە یان راهێنراوەکە (the apprentice) کە لە ئۆکئۆبەری 2024 دا بڵاوکراوەتەوە و باس لەسەردەمی لاوێتی دۆناڵد ترەمپ دەکات و لەلایەن عەلی عەباسی کە بەرەگەز ئێرانییە دەرهێنراوەو وەک خۆی دەڵێت فلیمەکە لە رووداوە راستەقینەوە وەرگیراوە.
ترەمپ لە فلیمەکەدا کە باسی ساڵانی حەفتاکان دەکات وەک گەنجێکی بەتەماحی هەڵپەکەرە دەردەکەوێت و دەیەوێت بەزووترین کات بگاتە لوتکەی دەوڵەمەندی لە نیویۆرک و چاوی بە رۆی کۆهین دەکەوێت کەپارێزارێکی لێزانی دڵرەقی بێبەزییە، ترەمپی بەدڵ دەبێت و دەستی دەگرێت و فیری نهێنیەکانی سەرکەوتنی دەکات و سێ یاسای پێدەڵێت کە ترەمپ لەگوێ دەگرێت و دەیکات بەبەرنام و یاسای خۆی.
سێ یاسا کە ترەمپ لەژیانی واقعی خۆیدا جێبەجێ کردووە بریتین:
یەکەم/ بەردەوام هێرش بکە: هێرش بکە هێرش بکە هێرش بکە… بۆ سەر نەیار و کێبڕکێکارەکانت بۆ ئەوەی بەردەوام لە دۆخی بەرگریدا بن و نەتوانن هێرش بکەنە سەرت. ئەم تەکنیکە یەکێکە لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ترەمپ کە لە کەمپینەکانی هەڵبژاردن لەدژی هیلاری کلینتۆن و جۆ بایدن و کامیالا هاریس بەکاردەهێنا، بەردەوام هێرشی دەکردە سەریان و بەکەسانی نەزان و بێ مستەوا و بی بەرنامە و درۆزن وەسفی دەکردن.
دووەم/ هەرگیز دانمەنێ بەهەڵەدا: دان بە هیچ شتێکدا مەنێ، ئینکاری هەموو شتێک بکە. ترەمپ بەردەوام کەرووبەڕووی رەخنە و کەمکورتی دەبێتەوە بەردەوام ئینکاری لێ دەکات، دەیان جار رووبەڕووی دادگا و لێپیچنەوە کرا هەرگیز نەیوت هەڵەم.
سێهەم/ بەردەوام خۆت بەسەرکەوتوو پیشانبدە تەنانەت ئەگەر دۆڕاویش بیت: لە سەردەمی قەیرانی پەتای کۆڤید-١٩دا، ترەمپ ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە، بەڵام خۆی بەسەرکەوتوو نیشان دەدا. باشترین نموونە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020 دوای دۆڕانی بەرامبەر جۆ بایدن، ترەمپ وتی من بردومەتەوە و بە و ساختەکاریم لێکرا.
ئەم سێ یاسایە بەشێوازێکی جیاواز و ورد تر ترەمب لە کتێبەکەی (هونەری رێککەوتن) باسی دەکات، کە چەندین بنەما و یاسا دادەنێت بۆ ئەنجامدانی سەفقەیەکی سەرکەوتوو، کە خۆی هەم لەبزنس هەم لەسیاسەت بەکاری دەهێنێت و زۆرێک لەو بنەمایانەی کە لە کتێبەکەیدا باسی کردووە، لە کۆشکی سپی چ لە سیاسەتی ناوخۆیی و چ لە سیاسەتی دەرەوەیدا، جێبەجێ کردووە.
ترەمپ جەخت لەسەر گرنگی دانوستانی بەهێز و توند دەکاتەوە، پێوایە دەبێت هەر لەسەرەتاوە بتوانیت ئۆفەرێکی بەهێز پێشکەش بکەیت کەناوی دەنێت “باشترین ئۆفەر”، ئەگەر ئۆفەر بەرامبەریشت بەدڵ نەبوو ئەوا لێ دووربکەوە. لە دانوستاندن لەسەر نافتا (NAFTA) ترەمپ توانی ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکوور (نافتا) لە بەرژەوەندی ئەمریکادا ئەنجامبدات.
یەکێکی تر لە بنەماکانی ترەمپ بریتییە لە “زۆرترین فشار” لە بەرامبەرەکەت تا ناچاری رێککەوتن یان ملکەچی دەکەیت. رەنگە باشترین نمونە کشانەوەبوو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، ترەمپ پێوابوو کە “رێکەوتنێکی خراپە” و پێویستە رێکەوتنێکی نوێ ئەنجام بدرێت، بۆ فشار خستنە سەر ئیران کشایەوە.
بۆ ئەوەی زۆرترین فشار بخاتە سەر چین، ترەمپ سیاسەتی سەپاندنی باج و تەعریفەی گومرگی بەسەردا سەپاند. بەنیازیشە کە دەستبەکاربوو وەک سەرۆکی ئەمریکا رێژەی تەعریفەی گومرگی بەسەر شمەکی چیندا زیاد بکات بۆ لە 60٪.
لەکتێبی هونەری ڕێککەوتنەکەدا، ترەمپ جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویستە مامەڵە لەگەڵ کەسانی گەورە بکەیت Deal with the top نەك بچوک، بەواتەیەکی تر “مامەڵەی گەورە” بکە نەک “مامەڵەی بچووک”. لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ هەمیشە هەوڵی داوە خۆی وەک “مامەڵەکاری گەورە” پیشان بدات، دیارترین نموونەش هەوڵدانی ترەمپ بوو بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کۆریای باکوور، ترەمپ هیواداربوو لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکووردا ڕێککەوتنێکی مێژوویی واژو بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
بەهەمان شێوە، پێوایە پێویستە مرۆڤ گەورە بیربکاتەوە Think big لەم بارەیەوە ترەمپ دەڵێت “ئەگەر بڕیارە بیربکەیتەوە ئەوا گەورە بیر بکەرەوە، زۆربەی خەڵک بیر لەشتی بچووک دەکەنەوە، چونکە زۆربەی خەڵک لە سەرکەوتن دەترسن لە بڕیاردان دەترسن لە بردنەوە ئەترسن”.
یەکێکی تر لە رێساکانی ترەمپ ئەوەیە کەپێویستە بە بەهێزی لەمیدیا دەرکەوێت و راگەیاندنەکان لە بەرژەوندی خۆت بەکاربهێنیت. لەم بارەیەوە دەڵێت: دەبێت وێنەیەکی بەهێز دروست بکەیت نەک لەسەر بنەمای دەستکەوتە ڕاستەقینەکانت، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی کە خەڵک چۆن دەتبینن. بەوتایەکی تر گرنگ نییە لە واقعدا سەرکەوتووی یان نا، گرنگ ئەوەیە خۆت بەسەرکەوتوو نیشان بدەیت و خەڵکیش وا بتبینن.
ترەمپ بە شێوەیەکی بەرفراوان سۆشیال میدیا بەکاردەهێنێت بۆ ئاراستەکردنی پەیامەکان بۆ گەلی ئەمریکا و جیهان. زۆرجار ترەمپ هەڵای میدیایی لە سەرهەندێک بابەت دروست دەکات بۆ ئەوەی لەسەنتەردا بمێنێتەوەو ڕای گشتی لە بەرژەوەندی خۆی راکێشیت و میدیا لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە.
بەگشتی ئەم بنەمایانەوەو دەیانی تر کە ترەمپ لە کتێبەکەدا باسی کردوون، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بیرکردنەوەی ترەمپ بیرکردنەوەیەکی میکیاڤیلییانە، هەموو ئامرازێک بەکاربهێنە لەپێناو سەرکەوتن گرنگ نییە ئامرازەکان یاسای وشەرعییە یان. ترەمپ سەرکەوتنی دەوێت بەهەر نرخێک بێت win-at-all-costs

د. ئاکۆ حمەکریم