جیهان لە قۆناغی راگوزەردا

کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
“تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان و لێکەوتەکاننیان لە چوارچێوەی کوردی و ناوچەییدا”
لە جیهانێکدا کە بە خێرایییەکی زۆر دەگۆڕێت، بەدواداچوون بۆ پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان چیتر شتێکی خۆسەرقاڵ کردنی فیکری نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە. هەموو گۆڕانکارییەکی جیهانی- لە ڕووخانی ڕژێمێکەوە، بۆ سەرهەڵدانی دەسەڵاتێک، بۆ قەیرانی ئابووری، یان شەڕێکی ناوچەیی- هەم دەرفەت و هەم مەترسی هەڵدەگرێت، بە تایبەت بۆ ئێمە لەم ناوچەیەدا کە نزیکەی هەموو دەیەیەک ڕووداوێکی گەورە ئەزموون دەکەین کە هاوسەنگی هێز لە قاڵب دەداتەوە.
پێگەی جوگرافی و سیاسی، ئێمە لە دڵی ئەم گۆڕانکاریانەدا دادەنێت نەک لە پەراوێزدا. بۆیە تێگەیشتنی قووڵمان لەوەی کە لە دەوروبەرمان ڕوودەدەن و شیکاری زیرەکمان بۆ ڕەوتە جیهانییەکان توانای ئێمە بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی کاریگەر دیاری دەکات، نەک تەنها مانەوەمان لە پەراوێزدا و لە پێگەی کاردانەوەی ڕووداوەکانەوە.
ئێمە شاهیدی ئەوە بووین کە چۆن کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و دواتر شەڕی دووەمی کەنداو، پەنجەرەیەکی مێژوویی بۆ ئێمە کردەوە بۆ دامەزراندنی خۆرێبەڕی لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا نەمانتوانی گۆڕانکارییەکانی دیکە بە هەمان قووڵی بخوێنینەوە، ئەمەش وایکرد چاوەڕێی ڕووداوەکان بین کە پەلکێش و ئاڕاستەمان بکەن، نەک وەڵامدانەوەمان بۆیان لە قاڵب بدەین.
کێشەیەکی قوڵی دیکەی ئێمە، ئاوڕنەدانەوەی پێویستە لە رابردو بۆ پەند وەرگرتن لە شکست و کەوتنەکانی رابردو و، دیاری کردنی هۆیەکان و دوبارە نەکردنەوەیان، گێڕانەوەمان زۆرن، بەڵام نوسینی ئەکادیمی و بێ لایەن لەم روەوە زۆر کەمن. رەنگە دواکتێبی د. بورهان یاسین لەم بارەیە جێی سەرنج بێت: (کورد و دوانەی مێژوو و سیاسەت) بەتایبەت کە لێکۆڵینەوەیەکی تیایە لەسەر کورد و کیسنجەر لە پەیوەست بە شکستی ١٩٧٥.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئێمە لە ساتەوەختێکیی نوێی جیهانیدا دەژین- کە بە فرە جەمسەری و، گۆڕانی چەمکەکانی سەروەری و، ململانێ لەسەر تەکنەلۆژیا و وزە، ئەناسرێتەوە- پێویستە دووبارە بە ئامرازە شیکارییەکانماندا بچینەوە و توانایەکی بەکۆمەڵ بۆ تێگەیشتن لە جیهان بنیات بنێن، نەک تەنها چاودێر و تەماشاکەر و بەرکار بین .
لەم چوارچێوەیەدا دامەزراوەی (MASS) هەستا بە رێکخستنی سیمیناری (جیهان لە قۆناغی راگوزەردا – کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) لە گفتوگۆیەکی تایبەت دا لەگەڵ د. سەردار عەزیز و ژمارەیەک لە نوسەر و ئەکادیمی و روناکبیران.
ئەم سیمینارە هەوڵێک بو بۆ تێڕامان و دیالۆگ و داڕشتنی دیدێکی هۆشیارانەی کوردی و ناوچەیی لەسەر بنەمای پێناسەکردنەوەی جێگای خۆمان لە جیهانێکدا کە چاوەڕێی کەس ناکات.